2013-08-17

بۆ حەزرەتی شێرکۆ بێکەس


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بۆ شاردنەوەی نەنگی خۆمان
دەلاقەی گەورەی درۆمان
بۆ ئەوەی خۆمان تەفرەدەین
وەک لەوەو بەر ھیچمان نەکرد!
ھەر ھیچ نەکەین
ھاتین گەڕاین
کەوتینە دزی گزی و فزی
لە قوژبنی مێژووی کۆندا
خوێندەوارمان کەوتنە دزی
کەسانی تر، مایەو مووری گەلانی تر
ھەموو دنیایان کرد بە کورد!
پێغەمبەریان کرد بە کورد!
ھەتا ئادەم و حەواشیان ھەر کرد بە کورد!
نەیان پرسی:
ئەی بۆچی کورد
دوو ھەزارو پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی ھیچی بەھیچ نەکرد؟
شێرکۆ بێکەس ١٩٦٩
ھەفتەی رابوردوو ھەواڵی فرەناخۆشی کۆچی دوایی شاعیری نەمر شێرکۆ بێکەسمان بۆھات. ھەر ئەو ھەفتەیەش فرە وتارو قسەو فەرمایشتەمان لەسەر شێرکۆ و وەسیەتنامەکەی خوێندەوە و بیست. ئاخر بێکەس لەمردنیشدا لە رەَچە شکاندن و یاخیبوون و داھێنان نەوەستا. وەسیەتی کرد لە پارکی ئازادی بنێژرێت.
قوربان مەپرسە، ئەم وەسیەت نامەیە شایلۆغانی نایەوە، بەھەزار حاڵ تا ھاتە دی، دەتگوت تەواوی کورد ئەوەیان گرفتە و ھیچی تر!
خەڵکی ببونە دوو بەرەوە یەک لەگەڵ یەک دژ. تا شارەوانی رازی بوو ملی شەیتان بشکێنێت و وەسیەت نامەی گەورە شاعیر بێنێتە دی، ھەزار ویەک بت شکا!
 ئیسلامیەکی سەلەفی ساڵح نوسیبووی: پێم باشە وەسیەتەکەی بێننە دی و لە پارکی ئازادی بینێژن چونکە بێکەس کەسێکی موسڵمان نەبووەو شوێنی لە گۆڕستانی موسڵمانان نابێتەوە. ھاوڕێکەشم بۆی نووسیبوو: بیکەس کوردەو پێویستی بە گۆڕستانی موسڵمانان نیە! منیش پرسیم: بۆچی پارکی ئازادی کە پڕە لە گۆڕی شەھیدو ئەو سەلەفیە وا لەسایەی خوێنی شەھیداندا لە ھەرێمێکی نیمچە ئازاددا دەژی، پێی وایە ئەو شەھیدانە کافر بوونە؟ ئەگەر وایە کاکی سەلەفی بێکەس راستی پرسی: ئەی بۆچی کورد
دوو ھەزارو پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی ھیچی بەھیچ نەکرد؟

جێندەر باڵانس لەم بابەتەدا لە نێوان بێکەسی شاعیرو رۆشنبیرو داکۆکیکاری مافی یەکسانیی ژن و پیاو و ئیسلامیی سەلەفیە. یەکەمیان بەرەو پێشکەوتن و ھاتنە دەرەوە لە زیندانی و کار و داھێنان ھانی دەدات، لای دووەمیش ئاساییە ببێت غەنیمەو ئەنفال و سەبیەو کویلەی موجاھیدین چونکە کوردە، ئەگەر نا ئەوا جیھادی نیکاح باشترین چارەسەرە بۆمان؟!
لەکاتی نووسینی ئەم وتارە بیرم دەکردەوە: مامۆستا شێرکۆ بێکەس، بەگەورەیی خۆت ئیزن وەردەگرم و وەک ژنێکی کورد و تەنیا بەناوی خۆم وەسیەت دەکەم ئەگەر مردم مەمبەن بۆ گۆڕستانی موسڵمانان، ھەر مەمنێژن، بەلکو تەرمەکەم بسووتێنن و سوتماکەکەی بپروێننە ناو ئاوی سیروان بەڵکو لەوێ تێر ئاو بم کە عەرەب و ئیسلامی نەیانھێشت لەژیاندا تێر ئاوی لێ بخۆمەوە و ھیچ کارم بە گۆڕستانی داگیرکەرانم نیە...
دوای ئەم وڕێنەیە بیرم ھاتەوە لەکۆمەڵگەی نەریتی کەس گوێ بە وەسیەتنامە نادات، ھەر ھاوسەرم کە کۆچی کردووە دەیگوت کەس پرسەم بۆ دانەنات، کەچی لەپرسەکەیدا من تووشی ھەزار ناوو ناتۆرە بووم چونکە قایل نەبووم مەلا ژنەی بازنگ لەدەست بێنم و پارەی قورعان خوێندنەوەی بدەمێ.. ئاخر مۆدێلی مەلاژنەیە لە پرسەکانی ژنان!