2013-08-24

کۆنگرەی نەتەوەی بێ ژن!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بەگوێرەی ھەواڵ و وێنەکانی کۆبوونەوەو کۆنفرانسەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە بڕیارە لە ١٥\٩\٢٠١٣ ببەسترێت، ئەوا کۆنگرەیەکی فرە پیاوانە دەبێت. ئاخر لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ٤٠% ئەندامانی کۆنگرە ژن بن کەچی تاک و تەرا نەبێت بوون و چالاکی ژن نابینرێت. لەکاتێکدا مافی کۆتا بووەتە مۆدێل لەناو حیزبەکان و پەیتا پەیتا لەکۆنگرەکانیاندا ژن دەکەن بە ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی پەرلەمان و لەدەسەڵاتی حکومەتیش پشکی دەدەنێ، کەچی لەناو ھەندێک حیزب نەبێت بەشداری فیعلی ژن لەبڕیارو کرداردا نابینین! ئەمجارە بابپرسین خەتای خۆمانە یان پیاو؟

دوێنێ خەریکی نووسینی وتارێک بووم لەسەر فیلمی ئەلبرت نۆبز. فیلمەکە باسی ئایرلەندا بەتایبەتی و ئەوروپا بەگشتی لەسەدەی نۆزدەیەم لەو کاتەی کڵێسای کاسۆلیک خاوەن دەسەڵات بوو. ئەو زەمانە کڵێسا بڕیارێکی دابوو، ئافرەت بۆی نیە کار بکات جگە لە خزمەتی ماڵەوە. کۆمەڵگەی ئەوکات کۆمەڵگەیەکی چینایەتی بووە بۆیە ئەو ژنانەی ھەژار بوون و ناچاری کار کردن بوونە بۆ دابین کردنی بژێویان ناچار دەبوون قیان ببڕن و مەمکیان بشارنەوە و جلی پیاو بپۆشن و ناوی پیاو لەخۆیان بنێن بۆ ئەوەی بژین! ئەلبرت نۆبز ژنێکە ماوەی سی ساڵ بەناوو جلی پیاوەوە دەژیەت، تاڕادەیەک بیری دەچێتەوە خۆی ژنە..
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە لە ھەموو کات و ھەموو شوێنێک ھێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و ئابووری ھەنە مرۆڤ ناچار دەکەن سروشت و بیرو ھەست و رەفتاری راستەقینەی خۆی بشارێتەوەو ماسکێک لەسەر دەموچاوی دانێت بەو شێوەیە نیشانی بدات کە ئەو ھێزانە گەرەکیانە. بۆ نموونە لەزەمانی ئەلبرت نۆبز ناچاریان کرد لەسادەترین مافی خۆش بێت و ماوەی سی سالڕ لەکاراکتەری پیاودا ژیا تا لەبیری چووەو خۆی ژنە. بەڵام، بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەمڕۆ ھەمان شت لەگەڵ ژنی کورد دەکرێت. ئەوان بەناوی خوداو ئاینەوە دەیانکرد بەفەرمانی خودایی، کەچی ئەوانەی ئێمە بەناوی ھەردوک ئاین و نەتەوە. بەناوی ئاین کاتێک تا ھەنووکە ژن ئەگەر لەیاسا دوکتۆرای ھەبێت لەدادگا و بەئارەزووی دادوەر بۆ شایەدی جووتێک ژن بەرامبەر پیاوێکە تەنانەت ئەگەر ژنەکە پەرلەمانتاریش بێت کە کارەکەی یاسادانانە!

دووەم بەناوی نەتەوایەتی بیرو ھۆش و عەقڵی مێیایەتیمان لێدەسەنن، بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی مەدەنی دەرکەوین لەبەردەم چاوی خەڵکی نەک ژنکوژ، مافی کۆتامان دەدەنێ و راپێچی حیزبەکانمان دەکەن بەمەرجێک وەک پیاو بیر بکەینەوە. لەم نێوەندەدا وەک ئەلبرت نۆبزمان لێ ھاتووە نازانین خۆمان ژنین یان پیاو چونکە شکڵمان ژنەو رەفتار پیاو. بۆ نموونە، ٤٠%ی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی ژنن کەچی ناو و وێنەی چەند ئەندامێکی ژن دەبینین، ئەدی ئەو ژنانە چی دەکەن؟ ئەگەر چالاکیان ھەیە بۆچی وەکو پیاوەکان دیار نین، ئەگەر چالاکیان نیە بۆچی رازین وەک داھۆڵ دابنرێن و تەنیا بۆ دیمەنی مەدەنی کۆنگرە؟!

ئەلبرت نۆبز تاقە ژن نیە ئەمەی بەسەر ھاتبێت بگرە ئەم دیاردەیە تا ھەنوکەش ماوە تەنیا ئەوەیە جاران ژن نیشانەکانی مێینەی لەجەستەی دەشاردەوە، ئەمڕۆ جەستەو قیافەتی ژنە بەڵام دیسان ناچارە عەقڵی بکات بە عەقڵی پیاو ئینجا دەگات بەدەسەڵات.