2013-08-30

ئەلبرت نۆبز


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

بیرکردنەوەو رەفتاری مرۆڤایەتی ماوەیەکی گەلێک درێژخایەنی دەویست بۆ ئەوەی ئافرەت وەک مرۆڤ ببینێت نەک کائینێکی زیادە، ھەرچەندە لە فرە شوێن تاھەنووکەش ھەر بەمرۆڤی پلەدوو دادەنرێت یان کەم عەقڵ و دین بۆیە لەمێژوودا چەندین شێوازی ئیبداع لەھونەری چەوسانەوەی ئافرەتان دەبینین. فیلمی ئەمجارەمان باسی جۆرێک لەدڕندەترین جۆرەکانی چەوسانەوە دەکات ئەوەیە کاتێک مرۆڤ ناچار بکرێت ناسنامەی رەگەرزیی خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی پاروە نانێکی دەستکەوێت و پێی بژی.
لەئەوروپای سەدەی نۆزدەیەم کڵێسای کاسۆلیکی کارکردنی ئافرەتانی قەدەغە کردبوو لە دەرەوەی سنووری ماڵەوە و دەبوو تەنیا خزمەتکاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵان بکات، بۆیە ئەو ژنانەی لە خانەوادەی ھەژار بوون دووچاری دەیان چەرمەسەری دەبوون و تەعەداشیان لێ دەکرا چونکە مافی ئەوەیان نەبووە کار بکەن و خۆیان بژیەنن. بەمەیش دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی جەرگبرَ پەیدا بووە ئەوەبووە ژنان جلی پیاویان دەپۆشی و مێیایەتی خۆیان دەمراند و کاری پیاوانەیان بەناوو روخساری پیاوەوە (ھەڵبەت لەرووی روخسارو جل و بەرگەوە نەک لەرووی بایۆلۆژی).

چیرۆکی فیلمەکە لە کورتە چیرۆکی رۆماننوسی ئایرلەندی (جۆرج مۆر) وەرگیراوە و رووداوەکانی لە ئایرلەندای سەدەی نۆزدەیەم روویانداوە. ئەستێرەی ھۆڵیوودی (گڵین کڵۆز) کە شانۆکارو گۆرانیبێژە نزیکەی ٣٠ ساڵ بەر لە دەرھێنانی فیلمەکە ھەمان کورتە چیرۆکی کردووە بە شانۆگەری و لەوکاتەوە بڕیاری داوە بیکات بە فیلمی سینەمایی بۆیە بەشداری نووسینی سیناریۆکەشی کردووە. دەرھێنەری فیلمەکە (رۆدریگۆ گارسیا- کوڕی رۆماننوسی جیھانی گابریل گارسیا مارکیز) بەشێوازێکی جوان بەشداری وردەکاری سیناریۆکەی کردووەو دەمانباتەوە یەکێک لە ھوتێلە ئایرلەندیەکانی سەدەی ١٩، کە رەنگ و مۆزیک و وێنەو جل و بەرگی بەتێکەڵەیەکی زۆر جوانمان نیشان دەدات و ئەم کارە ھونەریە نایابەی لێ بەرھەم بووە.
لەساڵی ٢٠١٠ کاستی فیلمەکە چوونە بۆ ئایرلەنداو لەوێندەر دەستیان بەکار کردووە تاکو ٢٠١١ لەسینەماکانی ھۆڵیوود نمایش کراوەو بۆ سێ ئۆسکار دەستنیشان کراوە. 

باگراوندو دەلالەتە کۆمەڵایەتیەکان:
١-      دەسەڵاتی ئاین
زەمەنی رووداوەکانی فیلمەکە باسی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات کە بەسەدە تاریکەکان ناوزەد کراوە. لەو زەمادا کاسۆلیک باڵادەست بووەو کڵێسا بڕیای داوە ئافرەت بۆی نیە کار بکات جگە لەکاری ماڵەوە. ئەم بڕیارە دیاردەی کۆمەڵایەتی خراوی لێکەوتوەتەوە بۆ نموونە، (ئەلبێرت نۆبز) لەفیلمەکە باسی منداڵی خۆی دەکات کە لەخێزانی ھەژار بووەو گرووپێک پیاو بەنۆرە تەعەدایان لێَی کردووە، بۆیە نەوێراوە بگەڕێتەوە ماڵەوە و ھەڵاتووە. پاشان بەتەنیا ناچار بووە مێیایەتی خۆی بسڕێتەوە جلی پیاو بپۆشێت بۆئەوەی قووتی رۆژانەی پەیدا بکات. ئەلبەرت نۆبز ناوی پیاوانەو لەسەرتای فیلمەکە نازانیت ئەمە ژنە چونکە گڵین کڵۆز ھێندە نایاب رۆڵەکە دەگێڕێت، کە ماوەی سی ساڵ بەو ناوو جلەوە دەبێت، ناوی راستەقینەی خۆی بیردەچێتەوە، ھەروەھا شێوازی رۆیشتن و قسەکردن و ھەڵسوکەوتی ژنانەی بیر چوەتەوە ھەمووی ھەر پیاوانەیە. ئەلبەرت نۆبز بەڕادەیەک خۆی پیاواندووە کاری سەرۆکی خزمەتکارەکان وەردەگرێت و لەکارەکەشیدا سەرکەوتووە و کەسایەتیشی کەسایەتی پیاوێکی بەسامی سەنگینە بۆیە یەکێک لە کچە خزمەتکارەکان عاشقی دەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دادەنێت. ئەمیش دەچێتە ناو دونیایەکی دیکەوەو بیری چوە خۆیشی ژنە! لێرەدا بینەر دیمەنێکی دڵتەزێن دەبینێت کاتێک دوای چەند جارێک چوونەدەرەوەو پیاسەکردن لەگەڵ کچەکە، لای کچەکە سەیر دەبێت کە نۆبز وەکو پیاو ھەڵسوکەوت ناکات و ھەوڵ نادات دەستی بگرێت، ماچی بکات یان لەباوەشی بکات. ئەو رووداوە نۆبز لەخەونەکەی وەخەوەر دێنێت و تێبینی دەکات: ٣٠ ساڵە جگە لەئەندامە بایۆلۆژیەکانی جەستەی، مێیایەتی نەماوە.
لێرەوە لای بینەر پرسیار دروست دەبێت: ئاین بابەتێکی نەگۆڕە لەناو کۆمەڵگەیەکی بگۆڕ و فرانبوو بەھێزترین دەسەڵاتی ھەبێت، دەبێ بەچ شێوەیەک مرۆڤ سەقەت بکات؟ ئەدی لەوە تاوانتر ھەیە مرۆڤ لەمومارەسەی سروشتی رەگەزیی خۆی بێبەش بێت و لێی تێک بچێت ژنە یان پیاو؟

٢-      چینایەتی و کۆمەڵایەتی
سەرەتا، ھیچ ئاینێک نەیتوانیوە جیاوازیی چینایەتی لەناو بەرێت. بۆ نموونە، ماکس ڤیبەر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (ئەخلاقی سەرمایەداری و رۆحی پرۆتستانتی)دا مەبەستی ئەوەیە بێژێت: لای پرۆتستانتەکان وا باوە ئەگەر خودا لەکەسێک رازی بێت ئەوا لەکاروکاسبیدا سەرکەوتووی دەکات، ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوا قازانج داکات، کەڵەکە بوونی قازانجیش سەرمایە دروست دەکات. ئەخلاقی سەرمایەداریش ئەوەیە پارە بنێتە یەکەوە. مادەم سەرمایەدارو موڵکداریش ھەبێت، دەبێ چینی کرێکاریش ھەبن. ئەم دو چینە گەلێک جیاوازی لەشێوەی ژیان و گوزەرانیان ھەیە کە لەم فیلمەدا بەروونی دیارە چیاواوی چینایەتی لەسەدەی نۆزدەیەم لەئەوروپا و بەتایبەت لە ئایرلەندا لە لوتکەیدا بووە.
کەسایەتی (ھیربرت پەیج کە جانێت مەکتیر رۆڵەکەی دەگێڕێت). کاتێک بۆڕی و بۆیلەری ھوتێلەکە تێک دەچێت، بۆڕیچیەک دەھێنن بۆ ماوەیەکی کاتی لەھوتێلەکە بێت تا ئەو کاتەی کارەکانی تەواو دەکات، کە شوێنی بەتاڵ نەماوە بەناچاری شوێنی حەوانەوەی پەیج لە ژوورەکەی نۆبز دەکەنەوە. بەمەیان سەرەتا ژیانی نۆبز سەختتر دەبێت و خەوتنی شەوانی لێ دەڕوات نەبادا نھێنیەکەی ئاشکرا بێت چونکە پیاوێک لە ژوورەکەی دەخەوێت، و ھەر ئاشکراش دەبێت.کەئاشکرا دەبێت، بۆ ئەوەی نەترسێت، پەیج سینگی خۆی بۆ دەکاتەوە و لای نۆبزو بینەر دەبێت بەبابەتێکی سەیر: پەیج ژنە پیاو نیە! ئیدی لەوکاتەوە دەبن بەھاورَێ و نۆبز دەچێت بۆ ماڵیان و لەوێ شتی سەیرتر دەبینێت: پەیج کە ژنە، ژنیشی ھەیە!
لەم فیلمەدا پەیوەندیە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان تێکەڵەیەکی وەھامان نیشان دەدات کە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی ژیانی تاڵەوە ئازارەکانی کەمتر نیە لەئازاری کەوڵکردن بەزیندوویی. نۆبزو پەیج لەبەر ھۆکاری سێکسی نەبوو رەگەزی خۆیان گۆڕیبوو، بەڵکو لەبەر ھەژاری و یاسا کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان بوو. نۆبز مێیایەتی خۆی بیر چوو بوو تا ئەو کاتەی کچەکە داوای ماچی لێیکرد. لەگەڵ ئەمەیش، ساڵانێک بوو پوولی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی سەربەخۆو تایبەتی ھەبێت، ئەم پرۆژانەی بەشێوەیەک بۆ کچەکە باس دەکرد کە لەبیری چووبوو خۆیشی ئافرەتە!

ھاوسەرەکەی پەیج ئەیزانی پەیج پیاو نیە، کەچی تەنانەت لەماڵەوە وەکو دوو ھاوڕێ بوون و نەیدەتوانی ژنانە بپۆشێت نەبادا دراوسێکان ھەستی پێ بکەن. پەیج کچبوونی خۆی وەکو نۆبز لەبیر نەکردبوو بەڵام باوەڕی وابوو، دەکرێت خێزانی ھەبێت و ئاسوودەش بێت، مادەم کۆمەڵگە وای لێکردبوو رەگەزی خۆی بشارێتەوە، بەڵام ھێشتا مرۆڤایەتی لەدەست نەداوە...کۆتایی فیلمەکە دیمەنێکی مرۆیی زۆر جوان نیشان دەدات نەمگەرەکە لە خوێنەری بسووتێَنم. لەگەڵ ئەمەیشدا فیلمەکە کۆمەڵێک پرسیارو بابەتی حەساس دەوروژێنێت کە ئارەزوو دەکەیت پتر لە جارێک بیبینیت.
ئەم فیلمە کە باسی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەکات بەشێوەیەک لەشێوەکان کۆمەڵگەی خۆمانم بیر دێنێتەوە. تا ھەنووکەش زۆر کار ھەیە ژن بۆی نیە توخنی بکەوێت، ئەگەر کریشی دەبێ مێیایەتی خۆی بشارێتەوەو وەک پیاو رەفتار بکات! لەگەڵ ئەمەشدا، کوشتنی جەستەیی ئاسانترە لەکوشتنی دەروونی و ناچاکردنی مرۆڤ لەژیانێکی پڕ درۆدا بژی.
…………….
تێبینی: زانیاریەکانی دەربارەی فیلمەکەم لە شوێنی جیاوازی ئینتەرنێت وەرگرتووەو تەنیا وەسف و شیکردنەوەکان وشەی خۆمن.