2013-09-08

بەرەکەت کەوتوەتە ناو کاندیدی ژنان!

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

ئەگەر چی زۆر مەیلم نیە بۆ شیکردنەوەی ھەر بابەتێکی پەیوەست بە باڵانسی جێندەری لەسەر بنەمای ژمارە لەبەر ئەوەی ژمارە بابەتەکە بەتەواوەتی ناپێکێت. بۆ نموونە، رێژەی ٣٠% کورسیەکانی پەرلەمان بۆ ژنانە و بەمافی کۆتاش بێت دەبێ ئەو رێژەیە پڕ بکرێتەوە، ئایا ئەو رێژەیە بەراستی نوێنەری ژنن و لەخەمی گرفتەکانیانن یان ئایدیۆلۆژیای حیزبەکانیان؟
رێژەی کاندیدی ژن لە ھەندێک قەوارە بەمشێوەیە: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٣٢%، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠%، گۆڕان ٣٠%، یەکێتی ٢٤%. ئایا ئەم رێژەیە پێمان دەڵێ کە یەکگرتووی ئیسلامی دیموکراتترین حیزبەو دڵسۆزترینیانە بەرامبەر بەژن و ینک لەھەموویان خراوترە؟ ھەروەھا تێڕوانین گۆڕان و پارتی بەرامبەر بەژن وەکو یەکە؟ بێگومان نەخێر چونکە لەسەرەتاوە وتم ژمارە بابەتەکەمان دروست ناپێکێت، بۆ نموونە سەرۆک مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو فرەژنی قەدەغەکردو ژنەکانی ئیسلامی پاش چەندین ساڵ لەپەرلەمان دژی وەستان، ئەگەر بزانین فرەژنی گەورەترین ناعەدالەتیە ئیسلام بەرامبەر بە ژن دەیکات بە نموونە.
جاران دەمانگوت ئەگەر ژن ھوشیار بێت دەنگ دەدات بەژن بۆ ئەوەی دەسەڵات تەنیا بۆ پیاو قۆرخ نەبێت. کەچی، ئەدای خانمانەی وەھامان بینی لەپەرلەمان وامان لێدەکات دوو جاری دیکە بیر بکەینەوە تاکو بڕیار بدەین دەنگ بەکێ بدەین. بۆ نموونە، ئەوەی تەنیا لەپێناو گەیشتنە پەرلەمان سەنگەری گۆڕی و بوو بەسەرۆکی فراکسیۆن، دانەیەکی دیکە بەعسی ئەنفالچی لا شەریفتر بوو لە پەرلەمانی کوردستان و پەشیمانیش نەبووەو، یان ئەو ژنانەی رێگەیان بۆ فرەژنی و چەوساننەوەی ژنان خۆش دەکرد و بۆ خودی خۆیان قایل نەدەبوون بە فرەژنی.. تاد.

گرفتی بابەتەکە ئەوەیە جاران بەئەستەم ژن دەگەیشتە پەرلەمان، ئەمڕۆ خەرمان بەرەکەت، ژنان لەپەرلەمان و لیستی کاندیدەکان لەھەموو قەوارەکان جمەیان دێت، کەچی حاڵی ژن لەکەلتوور و یاسای فەرمی و نافەرمی فرە خاستر نیە لەجاران. ئەم قسەیەم مانای ئەوە نیە لەگەڵ ئەوەدا نیم ژن بگات بەپەرلەمان، بەپێچەوانەوە ھیوام وایە ژمارەی ژن لەپەرلەمان و ھەموو شوێنێک یەکسان بێت بە ژمارەی پیاو، بەمەرجێک لەشوێنی کاریدا ژنایەتی خۆی و ھاوڕەگەرزانی لەبەر ھاوکێشەی حیزبی و ئایدیۆلۆژی جودا بکاتەوە. لەئیمڕۆی کوردستاندا پەیدابوونی ژنی بەم مواسەفاتە ئاسان نیە بەڵام ئەستەمیش نیە.
ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی مافی کۆتا بەرواڵەت بۆ بەرژەوەندی ژنە بەڵام لەراستیدا بۆ بەرژەوەندی پیاوەو ماسکێکی ژنانەی لەسەر دانراوە، بۆ نموونە، بەھۆی مافی کۆتا بۆ ژنان وادەکات ئەو قەوارە سیاسیەی وەریدەگرێت کورسیەک زیاد وەرگرێت، لەکاتێکدا ژنەکە نەتوانێت بۆ بەرژەوەندی ژن کار بکات و گوێڕایەڵی سیاسەتی حیزب بێت، کە زۆر جار پیاوانەیە، کەواتە بەمافی کۆتا دووبارە بۆ ئاوەدانکردنی ماڵی پیاوان بەکار ھێنراین و ئەم راستیەشمان بەچاوی خۆمان بینی.

ئەستەمیش نیە بەلکو قورسە، ئەگەر ژنانی دەرچوو بیر لە پەروەردەکردنی نەوەیکی دیکەی دوای خۆیان بکەن بتوانن بەبێ کۆتا بگەن بەپەرلەمان و ژنێتی خۆیان لەبیر نەچێت و خۆیان بەقیرو بنێشتەوە نەلکێنە کورسیەوە ..ئەگەرچی وەھا نموونەمان نەبینیوە.