2013-09-19

بیدعەکەی گۆڕان: دەرماڵەی کابان

ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

یەکەمین پرەنسیپ لە فێمینیزم ئەوەیە ژن و پیاو لەئەرک و مافدا یەکسان بن. ئەم یەکسانیە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. لای رادیکاڵەکان یەکسانی ١٠٠% و دەبێ ژنان لەھەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداری بکەن، بۆ نموونە لەکاری سەربازی و سوپا و پاراستنی وڵات و جەنگەکاندا بەشدار بن، وەکو سوپای ئەمریکی و ئیسرائیلی و لەناو کورداندا کچە گەریللا. لای لیبرالەکان، ژنان ئازادن و چی لەتوانایاندایە ئەنجامی بدەن و بواریان بۆ بڕەخسێت. ئەمما ئیسلامیەکان، باوەڕیان بەشتێک نیە ناوی یەکسانی بێت. لای وان خودا سروشتی لەش و بایۆلۆژیای ژنی بە شێوازێک خوڵقاندووە بۆ ھەندێک ئەرکی تایبەت بشێت و ھەندێکی دیکە لێی بڤەیە. ئەوان مافەکان لەسەر بنەمای سروشت دابەش دەکەن، بۆ نموونە، لای ئەوان نابێت ئافرەت ببێت بەحاکم چونکە کەم عەقڵ و دینە و بۆی نیە بەرامبەر بە پیاوێک یەک شایەد بێت لەبەر ئەوەی شایەنی ئەوە نیە! بەکورتی لەئیسلامدا ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن و مافەکان بەرابەر دابەش دەکرێن، بە مەرجێک تای تەرازووی پیاوان ھەمیشە سەنگینتر بێت.

چوار ساڵ پێش ئێستا وتارێکم لەسەر ئەم بابەتە نووسی لە کوردستانی نوێ بڵاو بووەوە. کاتێک کارنامەو بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان دەخوێنیتتەوە، دەبینیت بەو ھەموو ھاشوو ھوشەو قەرەباڵغیەی دروستیان کردووە کەچی ھیچیان بۆ ژن لا نیە و مرۆڤ ھەست دەکات ھەر باوەڕیان بە بابەتەکە نیەو تەنانەت کاندیدا ژنەکانیان نەیانتوانیوە ئەم راستیە ببینن. لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی ئەم قسەیە دووپات دەکاتەوە ھاوپێمانێتیانە لەگەڵ حیزبە ئیسلامیەکان. ئاخر بەرنامەی ئیسلامیەکان بۆ ژنان دیارە، فرەژنی، حیجاب، نیوە بەشی میرات، نیوە بەشەر بۆ شایەدی..تاد.

گۆڕان مێشکیان بردووین بە بەرنامەی موچەو دەرماڵەی کابانی بۆ ئەو ژنانەی کاری ماڵەوە دەکەن و کاری دەرەوە ناکەن. ئەم بەرنامەیە ئیبداعی عەقڵێکە بەھیچ شێوەیەک ئەرکی بیرکردنەوەی لە ژن وەک مرۆڤ نەکێشاوە لەبەر ئەم ھۆکارانە:

١-      ئەگەر موچە بۆ ژنی ماڵەوە دەبڕیتەوە لەبەر ئەوەی کاری ماڵەوەو کابانی دەکات، ئەدەی بۆچی بەقەدەر موچەکەی ئەو ناخەیتە سەر موچەکەی من کە کاری دەرەوەو کابانی ماڵەوەش دەکەم؟ کاتێک من لەئاسۆی گشتی کۆمەڵگەدا بەشدارم و لەماڵەوەش ھەر خۆمم وەزیری مەتبەخ!
٢-      کچێک بزانێت ھەر لەبەر کابانی موچەی بۆ دەبڕێتەوە، ئیدی بۆچی خۆی بەخوێندن سەرقاڵ بکات، تا زووە لەمەتبەخی ماڵی خۆیان بەموچەی تەواو دادەمەزرێت و ببرَێتەوە! ئەم بیرۆکەیە بە ژنان دەڵێ: پارەتانیش دەدەینێ بۆ ئەوەی لەماڵەوە بن!
٣-      بەکەم دەڕوانێت لە تواناکانی ئافرەت و وەک زەعیفەو باڵشکاو دەھێنێتە پێش چاو، چونکە لەسیستمە سۆسیال دیموکراتەکان سۆسیال و بیمەی بێکاری بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی بێکار وەک یەکە، بۆ نموونە، ئەگەر ئەم موچەیە بۆ ژنی بەتەمەنە، ئەدی بۆچی بۆ پیاوی بەتەمەنیش نەبێت؟

کۆتایی: لای ئیسلام ھەر شتێکی نوێ لەگەڵ بنەماکانیاندا نەگونجێت پێی ئێژن بیدعە، بیدعەش سەر لێشێوانە و کۆتاییەکەی بۆ ئاگرە. بۆیە سەبارەت بە بنەماکانی فێمینیزم، موچەی کابانی بیدعەیە و کۆتاییەکەی ئەوەیە ھەرگیز نایەتە دی ئەگەر چەند دەنگێکیش کۆ بکاتەوە!