2013-10-07

ئەگەر بەرژەوەندی ھات، سەحیح بەتاڵه!


ئەڤین ئیبراھیم فەتاح

قه‌وانه‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ هه‌رێمێكی ئیسلامی و حوكم و یاسای فوول ئیسلامی عیار 24 بێت، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بیش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. بۆ ئه‌م كاره‌ش هه‌ر خۆیان و بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان چه‌ندین تابووی ئیسلامییان شكاندووه‌ و به‌رده‌وامیشن له‌ شكاندنیان، وا ده‌زانن خه‌ڵكی نایان بینێت و له‌ حیله‌ شه‌رعیه‌كانیان تێناگات. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ گۆڕانیش هاتوه‌ته‌ پاڵی ئه‌م قه‌وانه‌وه‌!
بۆ نموونه‌، له‌ سه‌حیحی بوخاریدا به‌ سه‌نه‌دی متمانه‌دار هاتووه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌:
(لن يُفلِح قَوْمٌ وَلَّوْا أمرَهم امرأةً) (گێڕانه‌وه‌ی: بوخاری، نه‌سائی، ئه‌حمه‌د، تیرمیذی، حاكیم، به‌یهه‌قی. نه‌سائی له‌ بابێكدا هێناویه‌تی به‌ ناونیشانی: نه‌هیكردن له‌ ده‌ستبه‌كاركردنی ژنان له‌ ده‌سه‌ڵاتداریدا "النهي عن استعمال النساء في الحكم"). به‌ ده‌سته‌واژه‌ی كه‌مێك جیاوازیش له‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێكی تریشدا گه‌یشتوه‌. واتا: "ھەر قەومێک کاری خۆیان داوەتە دەستی ژنێک و کردویانە بە کاربەدەستی خۆیان؛ سەرکەوتوو نابن".
" "تولیة" که له‌و ده‌قه‌دا باس کراوە؛ یانی "کردن به کاربه‌ده‌ست" یاخود به‌خشینی "ویلایه‌ت" به که‌سێک، "ویلایه‌ت" یش به‌ مانای كاربه‌ده‌ستی دێت به‌ هه‌موو شێوه‌كی، و له‌ كه‌له‌پوری فیقهیی ئیسلامیدا به‌ ویلایه‌تی گشتی "الولایة‌ العامة‌" ناسراوه‌، كه‌ ئه‌م كاربه‌ده‌ستیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌: ئیمامه‌ت (سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)، وەزاره‌ت، قەزاوەت، دادگەری، ئیمارەت، شارەبانی (شرطه) واتە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، حیسبە (پۆلیسی ئایینی)، ئەمیرایەتیی جیھاد، سەرۆکایەتیی جەنگە تەمێکاریەکان (تەمێکردنی ھەڵاگەڕاوە و چەکداری یاخی و چەتەکان)، لێپرسراویی کۆکردنەوەی زەکات و باج. ئەمانەش ھەموو کاربەدەستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی کۆن بون.
واتا، بەپێی ئەم حەدیسە ژن بۆی نیە توخنی ھەر دەسەڵات و کاربەدەستییەک بکەوێت، و بڕایەوە.
حیزبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکەم حیزب بوو دەستپێشخەریی ئەوەی کرد لە مەجلیسی شوراکەیدا ژنان جمەیان دەھات و شانازیی بەوەوە دەکرد و ئێستاش بەردەوامە، گوایە ئەوان دیمۆکراسیخوازن و یەکسانیی ژنان لای وان بە پێی شەرعی خودا پارێزراوە. ھەر لە ھەڵبژاردنی ئەم پایزەش رێژەی ژنان لە لیستەکەی ئەواندا پتر بوو لە ھەموو لیستەکانی دیکەو ٣٢% بوو. ئەی عەجەب کاریان بەم حەدیسە نەبەویە سەحیحە نەکردووە؟!
ئەمما عەلمانیەکان کە تا ھەنوکە نەیانتوانیوە ئیسلام وەک بنەمای سەرەکیی یاسا لە دەستووری مەرکەزی لابەرن؛ ئەوانیش لیستەکانیان تژیی ژنە و ئێستا بوونی ژن لە پرۆسەی حوکم و دەسەڵات بوەتە بابەتێکی پێویست، و ئەگەر بەدڵیان نیە؛ مافی کۆتا ھەیە. واتا، ئەمانیش شەقێکی عەلمانییان لە حەدیسی ناوبراو داوە.
مەلاکان ھەفتە نیە لەسەر مینبەرەکانیانەوە سووکایەتیمان پێ نەکەن گوایە ژن ئەم کۆمەڵگەیەی تێک‌داوە و فەساد بڵاو دەکاتەوە، کەچی یەک دانەیان جورئەتی ئەوەی نیە بێژێت: بەپێی سوننەتی نەبەوی ژن بۆی نیە توخنی دەسەڵات و کاربەدەستی ببێت و فەرموون ئەوە حەدیسی سەحیحی بوخاریە بە سەنەدەوە. دەڵێی ڕێکەوتنێکی نھێنی ھەیە کە ئەم حەدیسە بایکۆت بکرێت و کەسیش باسی نەکات!!
ھەموو ئاینێک بابەتی چەقبەستووی نەگۆڕە، کەچی لە کۆمەڵگەدا مومارەسە دەکرێت کە قەوارەیەکی بزواو و گۆڕاوە. بۆیە، لەگەڵ گۆڕان و پێشھاتەکاندا پێشھات و گرفت و بابەتی تازە پەیدا دەبن کە لەگەڵ دەقە ئاینیەکاندا ناگونجێن، و پرسیارن و پێویستیان بە وەڵام ھەیە. وەڵامی ئاین دەچێتە قاڵبی ئیجتیھادەوە، ئیجتیھادیش مرۆڤ دەیکات نەک خودا، کەواتە ھەر ئیجتیھادێک شکاندنی تابوویەکی پێوە دیارە.
گرفتی بابەتەکە ئەوەیە، کێ ئەم ئیجتیھادانە دەکات و کەی و بۆچی؟
ـ مەلا و موفتی و لایەنی پەیوەندیدار.
ـ ئەو کاتەی کاریان پێبوو.
ـ بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن.
واتا، بۆ ھەر بابەتێک بەرژەوەندییان ھەبوو حەڵاڵە، ئەگەرنا حەرامە. ئەمڕۆ بەرژەوەندییان ئەوەیە ژن بچێتە ناو دەسەڵاتەوە؛ حەڵاڵە.. ژن قژی دیار بێت؛ سفوور و حەرامە!

بۆ نموونە، پیاوێک ھەیە زۆرترین دەنگی ھێناوە بۆ پەرلەمان، لێدوان دەدات: ھەر یاسایەک لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام نەگونجێت؛ کار بۆ ئەوە دەکەم لابرێت. دەپرسم: کە وەھا ئیسلامێکی پاراویت؛ ئەدی بۆچی ئەم حەدیسەت لەپێ کرد و بە سوننەی نەبەویت نەکرد سەرۆکی لیستێک بویت پڕی ژن بوو؟ یان، کە بویت بە پەرلەمانتار؛ بۆچی کار ناکەیت بۆ ئەوەی ئەو ژنانە لابەریت کە ھاولیستت بوون نەبادا قەوارەکەت موفلیح (سەرکەوتو و سەرفراز) نەبێت بەپێی سونەت؟!!
........................
بۆ رۆژنامەی چاودێر