2013-04-17

ژنی ره‌ش و قه‌لی ره‌ش! ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح


لەم بەھارەدا مەلا عەلی کەڵەکی وێنەی خۆی لەگەڵا دەعبایەکدا لە بەھارێکی سەوز لەپەیجەکەی خۆی لە فەیس بووک بڵاو کردوەتەوە. لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: ئەمە خۆم و مەلا ژنەین، و رایدەگەیەنێت بەخۆو مەلاژنەوە یەک تاقم نیقاب بەدیاری دەبەخشن بەھەر ئافرەتێک نیقاب بکات. نیقابی عەرەبان دوو کونی بۆ چاو تیایە، ئەمەی مەلا عەلی کونی چاویشی تیادا نیە!
ھەر لەم بەھارەدا کۆمپانیایەک تەلەفۆنی بۆ کردم، بەبۆنەی رۆژی دایک دیاریمان بۆ ھەندێک ژن داناوە کە دایکن و کاریش دەکەن.. کە کۆمپانیاکە ئامێری کارەبایی دەفرۆشێت، لەخۆشیانا ھەڵپەڕیم، دەی باسی ژنی کارکەر دەکەن، بەدڵنیاییەوە دیاریەکی وا دەھێنن ژیان و کاری ماڵ ئاسان بکات.. ئیدی لەبەر خۆمەوە سەد جار بەقوربانیان بووم!! ئاخر یەکەمین جار بووە کۆمپانیایەکی ئەھلی بیر لەدایک بکاتەوە.. بەتایبەتی دایکی کارکەر کە ھەموو قەرساییەکانی ژیان دەکەوێتە ئەستۆی و کەسیش بیری لێناکاتەوە. کەمێکی پێچوو گۆمپانیا ھات. دوو لاوی قۆزی پۆشتە بە ئوتومبێلێکی فرە جوان ھاتنە خوارەوە و دیاریەکەیان پێ بوو. تا ئەو پێشەکی قسەکەی دەکرد من بیرم دەکردەوە، ئەم دیاریە زۆر بچووکە لە قاپشۆری کارەبایی ناچێت، دەی لە میکسەریش بچووکترە، ئای پادە؟.. بەھەرحاڵا، زۆر بەخۆشحاڵیەوە وەرمگرت و لەدڵی خۆمەوە بیرم کردەوە، بەخوا شایەنی ئەوەن مرۆڤ وتارێکی دەستخۆشیان بۆ بنووسێت. بەھەڵپەڕینەوە ھاتمەوە بۆ ماڵ دڵم ئۆقرە ناگرێت تا بیکەمەوە کارتۆنێکی ئەوەندە جوان بوو لۆگۆی کۆمپانیاکەی لەسەرە. خۆزگە دەستم شکاباو نەمدەکردوە! سەرپۆشێکی رەشی سادە لەمسەرو ئەوسەری بەزمان عەربی بەیتێک شیعر بەمەکینە چنراوە!! لاڵ بووم، بۆچی دیاریتان سەرپۆش بێت و بۆچی رەش؟؟ ئایا گەرەکتانە ژنی کارکەر رەشپۆش بکەن پتر لەوەی ژیانی خۆمان ھەمووی رەش و رەشە؟
کاتی خۆی تازە ھاتبووم بۆ ھەولێر شارەزای کەلتوور نەبووم. تێبینیم کرد زۆر لە کچ و ژن و پیرو لاویان رەشیان دەپۆشی- لەکۆڵانە ھەژارو میللی و لادێکان بەگشتی- پرسیارم کرد، بۆچی رەش دەپۆشن؟؟ وەڵامیان ئەوەبوو، نەخێر خۆیان ئارەزوویانە، دواتر کە زیاتر ئاشنایان بووم، دەبینم جلی رەنگاو رەنگ لایان عەیبە یان گوناھە! سەیر بوو لام، چونکە ژنی کورد بە رەنگی جوان و جلی کوردی و بریق و باق ناسراوە، کەچی ئەمان وانین. بەکوردی ھەستت بەجیاوازی تەمەن نەدەکرد لەنێوان نەنک و دایک و کچ لەرووی جل پۆشین و بیرکردنەوەو تەنانەت قسەکردنیش، ھەموو ھەر کۆپی داپیرە بوون! ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی درامای تورکی و عەولەمە و شتی دیکەش ئەم دیاردەیە کەم بووەتەوە.
لەکلتووری کوردەواریدا لەکاتی پرسەو دوای پرسەش رەشپۆشین بەشی ژن بووە، بۆیە رەش بوەتە رەنگێکی ناشیرین و ناحەزی بەزۆر پۆشین لامان. کەچی لەشوێنی دیکەی دونیا جوانترین رەنگە بۆ چوونە دەرەوەی شەوان و بۆنەو ئاھەنگەکان.
ژنی دونیا جوان دەبنەوە بە پۆشینی جلی رەش ئێمەش لەھەڕەتی لاوێتی و تەمەنی بەھاردا گەرەکیانە بمانکەن بە قەلی رەش!